Skip to the content

لە ئاکرێ و شێخان چەند پڕۆژەیەکی تەندرووستی کرانەوە

هه‌ولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-‏‎ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بەئامادەبوونی دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی و بەرپرسانی وەزارەت و ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی WHO لە عیراق و ڕێکخراوی ئایسپۆی ئیتاڵی، مەڕاسیمی کردنەوەی بەشی فریاکەوتنی منداڵان لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان لە قەزای ئاکرێ بەڕێوەچوو کە لەلایەن تیمی ئیتاڵی ئایسپۆ و سپۆنسەری ڕێکخراوی WHO و سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی دهۆک جێبەجێکراوە.

پڕۆژەکەش بریتییە لە درووستکردن و فراوانکردن و نۆژەکردنەوەی بەشەکانی پێشوازی و قاوش و چاودێریی چڕ و منداڵانی ناکام و دەرمانخانە بۆ چارەسەری نەخۆشانی منداڵان و پەیڕەوکردنی سیستەمی تریاج لە نەخۆشخانەدا.

دواتر بەئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی و بەرپرسانی وەزارەت و ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی WHO لە عیراق و ڕێکخراوی ئایسپۆی ئیتاڵی، مەڕاسیمی کردنەوەی نۆڕینگەی دەرەکیی ئافرەتان و منداڵان لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵان لە قەزای ئاکرێ بەڕێوەچوو کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی BCF جێبەجێکراوە بە درووستکردن و نۆژەنکردنەوەی بەشەکانی پێشوازیی نەخۆشانی ئافرەتان و منداڵان و دەرمانخانە و تاقیگە.

لە قەزای شێخانیش بەئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندرووستی و بەرپرسانی وەزارەت و قایمقامی قەزای شێخان و کەسایەتی و میوانانی دەڤەرەکە، مەڕاسیمی کردنەوەی بەشی تیشک و سۆنار و تاقیگە لە بنکەی تەندرووستیی قەسرۆک لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان بەڕێوەچوو، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی دهۆک جێبەجێ کراوە.