Skip to the content

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر زیاتر پەرەی پێ دەدرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-‏‎ ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر سامان حوسێن بەرزنجی وەزیری تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەریی دکتۆر دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستیی هەولێر و بەشە پەیوەندارەکان، سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەی کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و بەرێوەبەری کاروباری پزیشکی و بەڕێوەبەر و پزیشک وکارمەندانی نەخۆشخانە و نوێنەری حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە، باس لەچۆنیەتیی پەرەپێدانی تواناکانی ستافی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەڕووی توانا مرۆییەکانی پسپۆرییە پزیشکییەکان و ئامێرەکان و کردنەوەی خول و ڕاهێنان و کاڕگێری و فراوانکردنی بەشەکانی نەخۆشخانە کرا.
لەم بارەیەوە وەزیری تەندرووستی ئامادەییی هاوکاری و هەماهەنگیی وەزارەتی تەندرووستی نیشان دا.

بۆ ئەم مەبەستە باس لە پڕۆسەی (لێکتێگەیشتنی ئیداری) لەنێوان وەزارەتی تەندرووستی و وەزارەتی پێشمەرگە کرا، بۆ باشتر خستنەڕووی ڕێکارە یاساییەکان بۆ پەرەپێدانی ئەم نەخۆشخانەیە.