Skip to the content

بنکە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان پێش دەخرێن

لیژنەی پێشخستنی بنکە تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێری کرد.

لیژنەكە بنکەی تەندروستی و قاوشی سزادراوان و چەند بەشێکی تری چاکسازییان بەسەر کردەوە، کە پەیوەندییان بە بەرەوپێشبردن و خزمەتگوزاریی زیاترەوە هەیە.

بەڕێوەبەری چاکسازی، پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو هەماهەنگی و هاوکارییەك دەربڕی، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی زیاتری تەندروستی و پێداویستییەکانی بنکەی تەندروستی بۆ سزادراوان. 
هاوكات لە بەردەوامیی سەردانەكەیاندا، لیژنە هاوبەشەكە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی ژنان و منداڵانیان کرد و تەواوی بەش و یەکەکانی چارەسەرکردنیان بەسەر کردەوە و لە چۆنیەتیی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستییان کۆڵییەوە. 

دواتر سەردانی هۆڵەکانی خانەی تێبینی و سزادراوانی نەوجەوانانیان کرد، پاشان سەردانی هۆڵەکانی ڕاگیراوان و سزادراوانی ژنانیان کرد و لە نزیکەوە تێبینیی گرفت و کێشەکانیان کرد و بە مەبەستی چارەسەرکردن و نەهێشتنی گرفتەکانی پەیوەست بە لایەنی تەندروستی، بەڵێنی بەدواداچوونی زیاتریان دا.