Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و دوو لە کارمەندەکانی سزا دەدات

پاش بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دوو کارمەندی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە هەولێر کە ''ئازار''ـی منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدەن، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە پێکبهێنێت.

لیژنەکە سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکەیان کرد و پاش لێکۆڵینەوە حەوت بڕیاریان دا:

یەکەم: دوورخستنەوەی هەردوو كارمەندی نەخۆشخانە تایبەتەکە، سەرەڕای نەبوونی ڕێگەپێدانی كاركردنی ئەم دوو كارمەندە لە لیستی نەخۆشخانەکە.
دووەم: سڕكردن و لەكار ڕاگرتنی هەردوو كارمەند لە كاركردن، لەبواری پزیشكی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ.
سێیەم: داخستنی بەشی منداڵە ناكامەكان لە نەخۆشخانە تایبەتەکە بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا ڕێكخستنەوە و پەیڕەوكردنی مەرج و ڕێنماییەكانی تەندروستی.
چوارەم: داخستن و ڕاگرتنی نەشتەرگەری منداڵبوون تا بڕیاری خاڵی سێیەم جێبەجێ دەکرێت.
پێنجەم: بەڕێوبەر و نەخۆشخانەکە بە پێبژاردن سزا دەدرێن.
شەشەم: سزای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ كاركردنی پزیشكان و كارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە، بەپێی لیستی ڕێگەپێدراو.
حەوتەم: هەواڵەکردنی دۆسیەی سەرپێچیکردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند.