Skip to the content

خولێكی تایبەتی بۆ بە دیجیتاڵكردنی ڕاهێنانی ڕاهێنەرانی بەرنامەی كوتان كرایەوە

لە چوارچێوەی چالاكییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە بواری بە دیجیتاڵكردنی دامەزراوە و بەرنامە تەندروستییەكانی وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەردوو ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و یونیسێف كە پاڵپشتیی پڕۆژەكە دەكەن، خولێكی ڕاهێنانی ڕاهێنەران (TOT) بۆ پزیشكان و كارمەندانی بەشی كوتان کرایەوە، کە لە ئاستەكانی بنكەی تەندروستی و كەرتەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆك كە تایبەتە بە بەرنامەی كوتان بەڕێوە دەچێت؛ ئەمە لە کاتێکدا هەمان خول بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستیی پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەڕێوە چووە.

ئامانج لەم بە دیجیتاڵکردنە، بەدەستهێنانی زانیاری و داتاکانە بە کەمترین هەڵە، هەروەها شیکردنەوەی خێرای داتاکان، ئەنجامدانی توێژینەوە لە بواری کوتان، دیاریکردنی خاڵی هێز و لاواز لە بەرنامەی کوتان، بەرزکردنەوەی ئاست و توانای کارمەندانی بەشی کوتان لەڕووی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە بواری کوتان و کەمکردنەوەی خەرجی و کات و ماندووبوونی کارمەندان و بەرپرسانی بەشی کوتان لە گشت ئاستەکاندا.