Skip to the content

سیمینارێك لەبارەی بەکارهێنانی سنووردار و درووستی ئەنتی بایۆتیک بەڕێوە چوو

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە هاوكاریی لقی سلێمانیی كارمەندانی تەندروستی، سیمینارێكی زانستی لەبارەی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی دەرمانی دژەبەكتریا بۆ د.پشدەر عەبدولڵا، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵان و د.دەریا ئومێد پسپۆڕی دەرمان ڕێك خست.

لە سیمینارەكەدا بەشێك لە كارمەندانی خاوەن نۆرینگەی تەندروستی لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی بەشدار بوون، تێیدا باسی مەترسیی بەكارهێنانی دەرمانی دژەبەكتریای ناپێویست كرا.

د.پشدەر عەبدولڵا، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان ڕایگەیاند: "لە سیمینارەكەدا باسی مەترسیی دەرمانی دژەبەكتریای ناپێوست کرا، چونكە بەكارهێنانی ئەو دەرمانە پێدەچێت ببێتە یەكێك لە هۆكارەكانی گیانلەدەستدان لە ساڵانی داهاتوودا، ئەو دەرمانی دژەبەكتریایەی ئێستا هەیە لەوانەیە لە داهاتوودا كار نەكات و كاریگەریی نەمێنێت، بەوەش مەترسییەكان بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان زیاد دەكات".

گوتیشی: "هەوڵی ئاگاداركردنەوەی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هاووڵاتییان دەدەین لە مەترسییەكانی بەكارهێنانی دەرمانی دژەبەكتریا بۆ ئەوەی بە هەمووان ئەو مەترسییانە كەم بكەینەوە".