Skip to the content

سێیەمین دیداری پزیشكانی ددان لە سلێمانی بەڕێوە چوو

بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم و د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی و د. هەڤاڵ ئەبوبەكر  پارێزگاری سلێمانی و د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و پرۆفیسۆر د. كۆسار محەمەد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و چەندین بەرپرسێكی باڵای حكومی و حزبی و پزیشکان و مامۆستایان و كەسایەتیی شاری سلێمانی، لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی زانكۆی سلێمانی سێیەمین دیداری پزیشكانی ددان لە سلێمانی بەڕێوە چوو.

لێپرسراوی لقی سلێمانیی سەندیكای پزیشكانی ددان ڕایگەیاند: دوای هەوڵ و ماندوبوونێكی چەندمانگە توانیمان سێیەمین دیداری پزیشكانی ددانی سلێمانی ساز بكەین، كە لەم چالاكییەدا چەندین پزیشكی ددان و چەندین كۆمپانیای بواری ئامێرە پزیشكی و كەرەستەكانی ئەو بوارە بەشداریی تێدا دەكەن، هەر لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم دیدارەدا چەندین وانەی پزیشكی و وۆركشۆپ و سیمیناری زانستی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت كە چەندین توێژینەوەی جیاواز و گرنگ لەسەر نەخۆشییەكانی ددان و چارەسەرە پێویستییەكان دەخرێنە ڕوو.
پاشان پرۆفیسۆر د. كۆسار محەمەد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتاری سەرۆكایەتیی زانكۆی بەم بۆنەیەوە خوێندەوە و ڕایگەیاند: وەك زانكۆی سلێمانی خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین ئەمڕۆ پێكەوە كۆبووینەتەوە بۆ چالاكییەكی گەورە كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گرنگیی تایبەتی هەیە، كە ئەویش سێیەمین دیداری پزیشكانی ددانی سلێمانییە. گوتیشی: كۆلێجی پزیشكیی ددانی زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە كۆلێجە چالاكەكانی ناو زانكۆ و ساڵانە چەندین چالاكیی جۆراوجۆری زانستی ڕێك دەخات. 

لەو چالاکییەدا چەندین سیمینار و وۆركشۆپ لە بواری زانستی پزیشکیی ددان و داهێنراوە نوێیەكانی ئەو زانستە بەڕێوە دەچێت. هەر لەو میانەدا پێشانگەی سێیەمین دیداری پزیشكانی ددانی سلێمانی كرایەوە، كە تێیدا لە لایەن چەند كۆمانیا و دامەزراوەیەكی پزیشكییەوە كارەكانیان و ئامێرە پزیشكییەكانی بواری پزیشكیی ددان نمایش كرابوون.