Skip to the content

لە هەڵمەتێکی پشکنین لە هەولێر دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی نایاساییدا گیرا

تیمی چاودێریی بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، هەڵمەتێکیان بۆ ژمارەیەک لە نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشکی بە مەبەستی پشکنین بەڕێوە برد، لە ئەنجامدا بە هۆکاری مامەڵەکردن و فرۆشتنی دەرمان و دەرچوون لە کاری پیشەییانەی خۆیان لە بەشێک لە نۆرینگەکان، دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە دەرماندا گیرا کە دوور لە چاودێریی پزیشکیی دەرمانساز و بێ ڕەچێتەی پزیشکی پسپۆڕ بۆ هاووڵاتییان بەکار دەهێنرا. بۆیە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی کرانەوە.

هەڵمەتەكە بەردەوامە و تیمی چاودێریی بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری گشت نۆرینگەکان دەکاتەوە کە خۆیان لە مامەڵەکردن بە دەرمان و دەرچوون لە کاری پیشەییانە بەدوور بگرن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاساییی توند دەکرێنەوە.