Skip to the content

هەڵمەتی هۆشیاری دژى جگەرە و نێرگەلە و ڤەیب بەڕێوە دەچێت

بەشی نەخۆشیيە نەگوازراوەکان لە وەزارەتى تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی بەغدا، بە هاوکاریی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، لە سیمینارێكدا كار لەسەر هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بۆ مەترسییەكانی جگەرە کرا.

لە سیمنارەکەدا لە لایەن بەرپرسانی بەشی نەخۆشییە نەگوازراوەکانی تەندروستیی عێراق و هەرێم، شیکردنەوە و زانیاری لەبارەی زیانەکانی جگەرە و مەترسییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو خرایە ڕوو.

لە وتارێکدا د. دلۆڤان محەمەد فاتح جەلال، بەڕێوەبەری گشتی، دەستخۆشیی لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێڕاقی فیدراڵ كرد، بۆ ڕێکخستنی سیمینارێکی لەم جۆرە کە گرنگیی هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لە ڕێگەی تەندروستیی قوتابخانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ مەبەستی خستنەڕووی مەترسییەکان و زیانەکانی جگەرە و ڤەیب کە بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار لە ناو کۆمەڵگەدا.

بڕیار وایە زانیارییەكان لە ڕێگەی پزیشک و کارمەندانی بەشداربوو بۆ قوتابیان بگوازرێتەوە بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی جگەرە و ڤیب. لە سیمینارەكەدا ٤٠ پزیشک و کارمەندی سنووری دەزگا تەندروستییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بەشدار بوون.