Skip to the content

ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشین؛ پڕۆسەى وەرگرتن و گواستنەوەی خوێن وەک یەکێک لە سەرکەوتنەکانی کەرتی تەندروستی

ڕۆژى ١٤ى حوزەیرانی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی خوێنبەخشینە، لەو دەرفەتەدا وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هانی خەڵک دەدات بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی، خوێن ببەخشن.

وەزارەتی تەندروستی لە ڕێگەى دروشمی "هەڵمەتی "خوێن ببەخشە، تا دڵی جیهان لە لێدان بەردەوام بێت" هانی بەردەوامیی خوێنبەخشین لە کوردستان دەدات و ڕایگەیاندووە: "دیاریی خوێنەکەت یارمەتیدەر بووە لە ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان و تووشبووانی ڕووداوە جۆراوجۆرەکان و باشترکردنی تەندروستی و خۆشگوزەرانیی زۆرێک لە خەڵک".

ڕاشیگەیاندووە "سیستەمی گواستنەوەی خوێن پرۆسەیەکی گرنگی چاودێریی تەندروستیی مۆدێرنە، ڕۆڵی هەیە لە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک دۆخی نەخۆش، لەوانەش برینداری، نەشتەرگەری، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن. بەڵام هەمیشە دەستەبەربوونی خوێنی پێویست گەرەنتی نییە و کەمیی خوێن لە کاتی فریاگوزاری یان کارەساتدا ڕوو دەدات. بۆیە بە بێ بەخشندەیی و پابەندبوونی خوێنبەخشەکان، زۆرێک لە نەخۆشەکان ئەو چارەسەرە ڕزگارکەرەی ژیانیان دەست ناکەوێت".

"لە کوردستان پێشکەوتنی بەرچاومان لە پێشخستنی خوێنبەخشین و باشترکردنی سەلامەتیی خوێن بەدەست هێناوە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی بانکی خوێن بەرپرسیارن لە کۆکردنەوە و پشکنین و پرۆسێسکردن و دابەشکردنی خوێن. ئێمە هاوبەشییمان لەگەڵ نەخۆشخانەکان، زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دامەزراندووە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بە خوێنبەخشین و هاندانی خوێنبەخشینی خۆبەخشانە".

لەم ڕۆژە جیهانییەدا، وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت "پێویستە کولتووری خوێنبەخشین زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک کە پێویستی بە خوێن هەیە، بتوانێت دەستی پێ بگات، داوا لە هەموو کەسانی شایستە دەکەین بە بەردەوامی خوێن ببەخشن و هانی کەسانی دیکەش بدەن. هەروەها داوا لە دابینکەرانی چاودێریی تەندروستی دەکەین کە پەرە بە بەخشینی خوێن بدەن و بەرهەمەکانی خوێن بە شێوەیەکی زانستی بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ناپێویست دوور بکەونەوە".