Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر پڕوپاگەندەیەک بڵاو کردەوە

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەکیدا لەسەر پڕوپاگەندەی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کە گوایە "بەرپرسانی هەرێم دەرمان لە بەغدا وەرناگرن" ڕوونکردنەوەی داوە و تێیدا هاتووە: "ئەم قسەیە ڕاست نییە و هیچ بنەمایەکی نییە."

لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی کە لەلایەن د. سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییەوە ڕاگەیەنراوە، هاتووە: "کەناڵی NRT لە بەرنامەیەکیدا لەسەر لێدوانی پزیشکێک بە ناوی فایەق گوڵپی، بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە گوایە بەرپرسانی ھەرێم دەرمان لە بەغدا وەرناگرن، ئەم قسەیە لە ڕاستی دوورە و ھیچ بنامەیەکی نییە؛ قسەیەکی چەواشەکارانەیە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە."

دەشڵێت: "لە ڕێگەی دامەزراوەی کیمادیا لە عێراق بەشەدەرمان و پێداویستیی پزیشکیی ھەرێم، ڕاستەوخۆ بۆ کۆگای بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک ڕەوانە دەکرێت، وەکوو ڕۆتینی ڕۆژانە، بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی ھیچ بەرپرسێکی تەندروستیی ھەرێم، ھەر چەندە بڕەبەشی ھاتوو لە بەغدا ماف و شایستەی ھەرێمە لە بوجەی حاکیمە لە عێراقدا کە تەنیا بەشێکی پێداویستییەکانی ھەرێم فەراھەم دەکات؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنان لە پێداویستییەکان و دابینکردنی بەشی سەرەکیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی ھەرێم، لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی، مانگانە دەرمان دابین دەکات."