وەزیری تەندروستی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی سیدەکانی بەسەر كردەوە

بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگهداربوون لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردن و تەواوكردنی قۆناغەكانی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە یاوەری هەڵگورد شێخ نهجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و کامهران مهلا محهمهد، بەڕێوەبەری گشتيی تەندروستی سۆران و ئیحسان چەلەبی، قائمقامی قەزای سیدەکان و تیمی ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری و جێبەجێکاری پرۆژە، قۆناغەکانی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان یان لە قەزای سیدەکان بەسەر کردەوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردن و کۆتاییدایە.
گوژمەی پرۆژهكه چوار مليار و 366 مليۆن ديناره و لهسهر ڕووبەڕی دە هەزار مەتری چوارگۆشە دروست دهكرێت، پێكدێت له (دوو هۆڵی نەشتەرگەری، بەشی فریاكەوتنی خێرا، بەشی ئافرەتان و منداڵان، نۆرينگهى ددان، بەشی تیشك، تاقیگە و دەرمانخانە، بەشی كارگێڕی و خزمەتگوزاری نەخۆشخانە و كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆكسجین).
لەو سەردانە مەیدانیيەدا، دوای پێداچوونەوە و بەدواداچوونی دیزاین و شێوازی کارکردن و پێداویستی و پێشهاتەکان و داواکارییەکان، سەرجەم بەشەکانی پرۆژە و قۆناغەکانی ستراتیجی دروستکردنی بەشە پسپۆڕیيەکان و فریاکەوتن و دەستنیشانکردن و چارەسەری و دابینکردنی ئامێر و پێداویستيی پزیشکی و شێوازی نوێی سەردەمیانە بۆ پێشکەشکردنی پێشکەوتووترین خزمەتگوزاريی پزیشکی بۆ هاووڵاتیيان بەسەر كرایەوە.
وەزیری تەندروستی وێڕای دەستخۆشی و سوپاسی بۆ ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پرۆژە، سوپاس و ستایشی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی کرد، بەڵێن و بڕیاری ئامادەکاری وەزارەتی تەندروستی بۆ دابینکردنی پێداویستیيەکان و داواکاری و تێبینیيە هونەریيەکان دەربڕی.