Skip to the content

وەزیری تەندروستی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی له‌ شارى هه‌ولێر بەسەر كردەوە

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٤ی ئاداری ٢٠٢٥، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە یاوەری دلۆڤان محه‌مه‌د، بەڕێوەبەری گشتيی تەندروستی هەولێر و تیمی ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری و جێبەجێکاری پرۆژە، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكان و لەنزیكەوە ئاگه‌داربوون لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردن، سەردانی پرۆژەی دروستكردنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجەی لە هەولێر كرد.
وەزیری تەندروستی بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرد و ئامادەییی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكی بۆ تیمی ئەندازیاریی پرۆژەكە دەربڕی، بۆ ئەوەی كاركردن تێیدا بە باشی بەڕێوە بچێت و لە وادەی خۆیدا تەواو بكرێت.
١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسروربارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر ڕووبەری ٣٠ هەزار مەتر چوارگۆشە، لە شاری هەولێر دانا، كە لە ١٥٠ تەختی خەواندن و ١٠٠ تەختی چارەسەری كیمیایی پێك دێت و سەرجەم پێداويستييه‌ پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت.
شايانى باسه‌ لە نەخۆشخانەكەدا، تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئێم ئاڕ ئای، سیتیسكان، پێتسكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندانى دیكە بەردەست دەبن.