وەزیری تەندروستی پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی له شارى ههولێر بەسەر كردەوە

ڕۆژی سێشهممه ٤ی ئاداری ٢٠٢٥، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە یاوەری دلۆڤان محهمهد، بەڕێوەبەری گشتيی تەندروستی هەولێر و تیمی ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری و جێبەجێکاری پرۆژە، بە مەبەستی بەدواداچوونی كارەكان و لەنزیكەوە ئاگهداربوون لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردن، سەردانی پرۆژەی دروستكردنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجەی لە هەولێر كرد.
وەزیری تەندروستی بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرد و ئامادەییی هەر جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەكی بۆ تیمی ئەندازیاریی پرۆژەكە دەربڕی، بۆ ئەوەی كاركردن تێیدا بە باشی بەڕێوە بچێت و لە وادەی خۆیدا تەواو بكرێت.
١٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، مەسروربارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر ڕووبەری ٣٠ هەزار مەتر چوارگۆشە، لە شاری هەولێر دانا، كە لە ١٥٠ تەختی خەواندن و ١٠٠ تەختی چارەسەری كیمیایی پێك دێت و سەرجەم پێداويستييه پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت.
شايانى باسه لە نەخۆشخانەكەدا، تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی ئێم ئاڕ ئای، سیتیسكان، پێتسكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندانى دیكە بەردەست دەبن.