Skip to the content

وەزیری تەندروستیی ئیمارات پێشوازی لە وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد

​ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەماهەنگی و گۆڕینەوەی شارەزایی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات و لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ئەحمەد بن عەلی ئەلسایغ، وەزیری تەندروستیی ئیمارات پێشوازی لە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای یاوەری کرد.

​لە دیدارەکەدا، بە وردی باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی تەندروستیی لەژێر چەتری ڕێککەوتنامەی نێوان هەردوو حکومەتدا کرا و گرنگترین خاڵەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە:
​- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری پزیشکی و تەندروستی.
​- پەرەپێدانی سیستەمی تەندروستی، خزمەتگوزاریی دەرمان و دابینکردنی ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان.
​- بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە تەندروستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.
​- هاندانی وەبەرهێنەران بۆ پەرەپێدانی سێکتەری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.

​لەلایەن خۆیەوە، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی حکومەتی ئیماراتی کرد، بۆ پەیوەندییە دۆستانە و مێژووییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کردنەوەی ئۆفیسی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی تەندروستیی دوبەی و بەشداربوونی شاندی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە کۆبوونەوەی کۆنفرانسی سەرکردایەتیی تەندروستیی نێودەوڵەتی.
هەروەها سوپاس و ستایشی هاوکارییە بەردەوامەکانی تیمی پزیشکی و دامودەزگا خێرخوازییەکانی ئیماراتی کرد، کە پاڵپشتی و هاوکاریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دروستکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی دەزگاکانی تەندروستی لە ڕابردوو و ئێستادا؛ بەتایبەت مانگی سووری ئیماراتی، دەزگای نوڕی دوبەی و کونسوڵگەریی گشتیی ئیمارات لە هەرێم.

​لەکۆتاییدا، وەزیری تەندروستیی ئیمارات خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندەکە دەربڕی و بەڵێنی بەردەوامیی هاوکاری و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.