رێبەر ئەحمەد: خزمەتگوزارییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی پێشکەش دەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە میانی کردنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دوای کردنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی سۆران کە بە بڕی ٦ ملیار و حەفت سەدو پەنجا ملیۆن دینار دروستکراوە، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر پێشکەش دەکرا بۆ لەمەو دوا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران پێشکەش دەکرێت.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوەدا کە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ ئەوەی هەموو خزمەتگوزارییەکان لەناوەندی شارەکانەوە پێشکەش بە هاووڵاتیان بکرێن و ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی هاووڵاتیان و گەڕاندنەوەی کات و کەمکردنەوەی رۆتینەکانە.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بۆ لەمەودوا مۆڵەتی شۆفێری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زمانی کوردی و عەرەبی لەسەر دەبێت و بە قەبارەیەکی بچوکتر و دیزاینێکی جوانتر دروست دەکرێت.
رێبەر ئەحمەد ئاماژەشی بەوەدا کە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ پێشەنگە بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەتایبەتیش خزمەتگوزارییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ، کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرۆژەیە دەکەوێتە بواری جێبەجێ كردن کە ئەو کارەش کۆمپانیایەکی بەنێوبانگی ئەڵمانی گرێبەست کراوە کارەکان دەکات.