ڕاگەیانراوی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هێرشەكانی سەر هەولێر
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- هێرشە مەترسیدارەكانی سەر هەولێر و ناوچەكانی تر دەكەوێتە چوارچێوەی هێرشە دوژمنكارییە ڕێكخراوەكان كە ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئامانج دەگرن و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی تێكدەدەن و هەوڵێكە بۆ چاندنی تۆوی ئاژاوەگێڕی و تێكەڵكردنی كارتەكان.
لە كاتێكدا ئێمە سەركۆنەی ئەو كارە تاوانكارییانە دەكەین، هاوكات دووپاتی دەكەینەوە ئەو دوژمنكارییانە هەوڵێكی نائومێدانەیە بۆ لێدان لە پێشكەوتنە ئەرێنییەكان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە بواری هەماهەنگی ئەمنی لەسەر ئاستی بەرزدا، كە ئەو هەماهەنگی و هاوكاری و كارپێككەوەكردنە بەردەوام دەبێت لە پێناو ئاسایش و ئاشتی هاوڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەكان بۆ تێكدانی ئاسایش.
لە ڕاستیدا گەرەنتی ئاسایشی عێراق بەرانبەر بەو جۆرە دوژمنكارییانە، دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵ و دامەزراوە فەرمییە هاوشێوەكان لەناویشیاندا هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق. هەروەها تیمەكانی بەدواداچوون لەگەڵ دەرچوونی فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، دەستیان كردووە بە ئەركەكانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی لەو ڕووداوە دوژمنكارییە تێوەگلاون و ڕووبەڕووكردنەوەیان بەرانبەر بە دادگایەكی دادپەروەرانە.