ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وۆرکشۆپێکی لە هەولێر بۆ ژمارەیەک کەسایەتی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجامداوە بە مەبەستی کارکردن لە سەر چەمکەکانی پێکەوەژیان و چەسپاندنی بنەماکانی فیدراڵیزم لە عێراق لە بەر ڕۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەڵام بە داخەوە، هەندێک لەسەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە، ئەم وۆرکشۆپەیان بە لاڕێدا بردووە و بۆ هەندێک مەبەستی سیاسی بە کاریان هێناوە کە دوور بووە لە مەرجەکانی مۆڵەتپێدانی ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە و لە میانەی چالاکییەکەدا، چەند ووتار و بەیاننامەیەک بڵاوکراونەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ سیاسەتی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگونجێن و گوزارشت لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ناکەن.
وەزارەتی ناوخۆ، ڕێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیەنێت لە هەر لایەکەوە بن.
هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵی، وەک هەمیشە پابەندە، بە سیاسەتی دەرەوەی فەرمیی دەوڵەتی عێراق و بە هیچ شێوەیەک، ڕێگا نادات کەسانێک کەشی ئازادی و دیموکراسی کە لە هەرێمی کوردستان دا بەرقەرارە، بۆ مەرامی دیکەی سیاسی بەکار بهێنن و ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
25ی ئەیلوولی 2021