هەڵمەتی هێڵكاریی شەقامەكانی شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت
![](/media/17610/2a9477de-e5e2-4897-844a-0b9c53a04eb3.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133161681700000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- تیمی ئەندازەی هاتوچۆی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر دەستی بە بۆیاغكردن و هێڵكاریی شەقامەكانی هەولێر كردووە و بڕیار وایە سەرجەم ڕێگەكان بگرێتەوە.
پلانی وەزارەتی ناوخۆیە لە بەهاری داهاتووەوە لە گەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا، هەڵمەتێکی فراوانی هێڵکاری و بۆیاغکردنەوەی شەقامەکان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێبکات. بۆ ئەم مەبەستە ئامێری بۆیاغ و کارمەندی پێویست بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ ئامادە و بەردەستە.
وەزارەتی ناوخۆ ئامێری نوێی بۆیاغکردنی شەقامەکان و بۆیاغی پێویست و کوالیتیی بەرزی دابین کردووە و تیمی پێویستی بۆ ئەم پرۆسەیە بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاهێناوە و بە گرێبەست دایمەزراندوون.
هێڵکاریی شەقامەکان و بوونی هێما پێویستەکان لەسەر شەقامەكان، هاوکاری گرنگن بۆ یارمەتیدانی شوفێران و پیادەڕۆیان تا بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان هاتوچۆ بكەن و ڕووداوە نەخوازراوەكانی هاتوچۆ كەم بكرێتەوە.