هەنگاوی نوێ بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێمۆڵەت و دیاردەی چەکداری دەگیرێتەبەر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوسراوی ژمارە ١٠٣٣٨ لە ٢٥/٤/٢٠٢٣، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک و دیاردەی چەکداری، لەڕێی چەند خاڵێکەوە داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی کوردستان دەکات.
وەزیر ناوخۆ، لەو نوسراوەدا داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە کە میدیاکانیان بۆ هەڵمەتی هۆشیاری ئەندامانیان و هاووڵاتییان بخەنەگەڕ تا چەک لە ماڵەکان نەبێت و کەس چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرێت.
هەروەها داوا کراوە کە هیچ حزبێک لە هیچ بۆنەیەکدا چەک وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانی خۆی و داواش کراوە کە لە بارەگانیان کۆگا دروست بکەن تا پاسەوانی بارەگاکانیان لە دوای دەوام چەک نەبەنەوە ماڵەوە.
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەجێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری دروست دەبێت، کە دواجار ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی تاوان و توندوتیژی، ئەمەش بە قازانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان تەواو دەبێت.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ
٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٣