وەزارەتی ناوخۆ سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی خەڵكی كوردستان بۆ كۆمەكی لێقەوماوانی بوومەلەرزە دەكات
![](/media/18224/img_3730.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133207565190000000)
دوای فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سوریا و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕاسپاردنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ سەرپەرشتیکردنی کەمپەینی كۆكردنەوەی كۆمەك لەلایەن هاونیشتیمانیانی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکوو هەمیشە بەشدارییەکی کارایان لەو کەمپەینەدا کردووە و ماڵ و کەلوپەل و سامانیان لەگەڵ لێقەوماواندا بەش کردووە.
ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لەلایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆلێن و ئامادە دەکرێن و ڕۆژانە بۆ هاوکاریی لێقەوماوان، ڕەوانەی تورکیا و سوریا دەکرێن؛ ئەم کەمپەینە تاكوو ئێوارەی هەینی، ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆ