Skip to the content

ئاگادارییەک لە وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی چەکی بێمۆڵەتەوە

دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی کردنەوەی ٩٠ بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس، زیاتر لە ١٧ حەڤدە هەزار چەکی هاووڵاتییانیان تۆمار کردووە و پسپوولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٣، یاسای چەک، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا چەکی تۆمارنەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی ١٢، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.
لە دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی ١٢ی یاسای چەک هاتووە:
" هەرکەسێک لە ماوەی (٦٠) شەست ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبووردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات"
لە ئێستادا هاووڵاتییان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نییە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاریی وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەکهەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.
بۆ زانیاریی هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:
یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.
دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.
داوا لە هاووڵاتییانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو ٦٠ ڕۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.
هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێمۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هەر پارچە چەکێکی بێمۆڵەت، هەڵگرەکەی بە گوێرەی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢، دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٣