سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی خورماڵی دا
ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٣، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەقەزاکردنی ناحیەی خورماڵی، لە پارێزگای هەڵەبجە دا.
ئەمەش دوای ئەوەی خەڵکی ناحییەکە، لە ڕێگەی چالاکیی مەدەنی و کەمپەینەوە، داواکاریی بەقەزاکردنی ناحیەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێم بەرز کردبووەوە.
لەو بارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، دەست بە ڕێکارە کارگێڕییەکان بکەن و ئامادەکارییەکان بۆ هێنانەکایەی قەزای خورماڵ تەواو بکەن."
لەو سۆنگەوە، لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ـەوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارە کارگێڕییەکان و هەنگاوی کرداریی هێنانەکایەی قەزای خورماڵ دەست پێ دەکات.
خورماڵ شارۆچکەیەکە لە پارێزگای هەڵەبجە، ٧٠ کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، ناوەندی ناحیەی خورماڵە و نزیکەی ٤٦ گوند لەخۆ دەگرێت.