Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی خنکان بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی تەمموزی ٢٠٢٣، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان و بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خنکان لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو.

ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئامارەکانی خنکان لە ساڵی ٢٠٢٢ و شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان و هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو هۆکارانەی بوو کە دەبنە هۆی خنکان.

لە کۆبوونەوەکەدا دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ دیراسە کردنی هۆکارەکان و دانانی تابلۆی ئاگادارکردنەوە بە زانیاری ورد لە شوێنە گەشتیارییە ئاوییەکان و نزیک رووبار و دەریاچە و چەمەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەشیار و هاووڵاتیان لە مەترسییەکانی مەلەکردن لەو شوێنانە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری گشتی دیوان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و بەڕێوەبەرانی بەرگری شارستانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو.