مەترسییە داراییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کرد.
تیمەکە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ١٥ دامەزراوەی هەرێمی کوردستان پێک هاتووە و ئەرکی ئەو تیمە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستانە کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕاسپاردەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر.
وەزیری ناوخۆ سوپاسی تیمی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە باشی کارەکان بەڕێوە دەبەن و باسی لە هەوڵەکانی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی ڕووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەکانی داهاتی تیرۆر و پارەدارکردنی دەکەن و لە بوارەکانی نەهێشتنی دەرفەت بۆ سپیکردنەوەی پارەش هەنگاوی زۆر باش نراون.
لەبارەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆ تیمی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد هەموو هەماهەنگییەک لە گەڵ تیمی فیدراڵی بکەن و ئەو ڕاسپاردانەی پێویستن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، لە دوای گونجاندنیان لەگەڵ تایبەتمەندیی دامەزراوەکان، بە زووترین کات جێبەجێ بکرێن. هەروەها باسی لە پڕۆژەیاسای هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئینفازکردنی یاسای فیدراڵیی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کرد کە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند کراوە و بۆ دەرچوواندنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.