Skip to the content

به‌ياننامه‌يه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان

له‌سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مه‌سرور بارزانى، قۆناغى سێيه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانى ده‌ڤه‌رى حه‌سه‌ن شام/ خازر جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌م قۆناغه‌شدا‌ ٢٦٦ خێزان کە ١٠٧ـیان له‌ كه‌مپه‌كانى ئاوارەکان لە هه‌رێمى كوردستان و‌ ١٥٩شیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى كه‌مپه‌كان دەژین، به‌ شێوه‌يه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان لە گوندى حه‌سه‌ن شام‌.

ئەو خێزانانە لە دوای هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە كەمپەكانی ئاوارەکان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى خانه‌خوێ ده‌ژين و حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌پێى توانا هه‌موو خزمه‌تگوزارى و پێداويستيیە سەرەکییەکانی ژیانیانی بۆ فه‌راهه‌م كردبوو. بەهۆی ئەوەی گوندەکانیان لەژێر دەستی داعش ژێرخانی ئابوورى داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانکردنی لەناو چووبوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتیی حکومەتی فیدڕال و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان هەبووە و هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، له ‌قۆناغى ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ٢٧١ خێزانى دیکەی ئاواره‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه کردووە و گه‌ڕاونه‌تەوه‌ بۆ زێدی خۆیان.
لە دوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، جارێکی دیکە داوا له‌ دامه‌زراوه‌ فیدڕالییەکان ده‌كه‌ين كه‌ هه‌نگاوى كرداری بۆ فه‌راهه‌مكردنى خزمه‌تگوزارييه‌ بنه‌ڕه‌تيیه‌كان بۆ سنووره‌كه ده‌ست پێبكه‌ن،‌ تا ئەوانەی گەڕاونەتەوە، ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە. هەروەها دابینکردنی ئەمنیەت و خزمەتگوزاریی گشتی، زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات.
لەم سۆنگەیەوە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت له‌ پشتيوانيكردنى سياسه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و سه‌ربه‌رزانەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.