Skip to the content

وەزیری ناوخۆی هەرێم لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی هێسنی ئەڵمانیا کۆبووەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8/2 ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا ، لەگەڵ ڕۆمان پۆزێک وەزیری ناوخۆی هەرێمی هێسن-ی ئەڵمانیا کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵاخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە شاری ڤیسبادن بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ کرا، بەتایبەتی لە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە بوارەکانی بەرزکردنەوەی تواناکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی و بەڵگەی تاوان و هەماهەنگی زیاتر بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەت و گەلی ئەلمانیای کرد بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەو پەنابەران و هێزی پێشمەرگە لە شەری دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین کە لەم پێناوەدا هەرێمی کوردستان زۆر قوربانی داوە.