ڕاگەیەندراوێک لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆوە

دوای بڵاوبوونەوەی هەندێ دەنگۆ و هەواڵی نادروست لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە بوونی حاڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپێک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوایە بە هۆی هەبوونی ترس کەمپەکە جێ دێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شەنگال، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵە نادروست و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دژ بە بنەماکانی ڕاست و دروستیی گواستنەوەی زانیارییە لە کاری ڕۆژنامەوانی، لە هەمان کاتیش سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەکو لانکەی پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن دەمێنێتەوە و ئامێزی گەورەی بۆ ئاوارەکان بە کراوەیی دێڵێتەوە، تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
کەمپەکان شوێنی خەڵکی سڤیل و لێقەوماون و بە باشی پارێزراون، بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت سیمای پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و لێبووردەیی ئەو شوێنانە بشێوێندرێت.