وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پێگەیشت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/19, ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی ئەمنی و پرسەکانی جێی بایەخی هاوبەش کرا.
هەردوو وەزیری ناخۆی کوردستان و بەریتانیا، بیروڕایان لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکارییەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کرد. هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی دووپات کردەوە و جەختیان لە پێویستی برەودان بە کارکردنی هاوبەش لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی هاوبەشیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.