Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ بەدواداچوونی زێدەڕۆییی سەر زەویی دەوڵەت بەڕێوە چوو

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، لە دیوانی پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، جێگرانی پارێزگار، بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر و نوێنەری زێرەڤانی، قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحییەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان و دامودەزگە پەیوەنددارەکان، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ بەدواداچوونی بابەتی زێدەڕۆییی سەر زەویی دەوڵەت بەڕێوەچوو.
وەزیری ناوخۆ بەوردی باسی لە پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی زێدەڕۆیی کرد لەبەر ڕۆشناییی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨، یاسای ڕێگری لە زێدەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەویوزار و موڵکی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکان بۆ ئامادەبووان کرد. وەزیری ناوخۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە یاسا بە سەر ئەوانە جێبەجێ بکرێت کە بازرگانی بە زەویی دەوڵەت دەکەن و سنوور بۆ هەموو جۆرە دەستدرێژی و سەرپێچییەک دابندرێت. لەمبارەیەوە خەجت لەوە کرایەوە کە بەڕێوەبەرانی یەکە ئیدارییەکان بەرپرسیارن و ئەرکە ڕێکارەکانی یاسای ئاماژەبۆکراو جێبەجێ بکەن، بۆ دانانی سنوور بۆ زێدەڕۆکاران و ئەوانەی بازرگانیی بەو پرۆسەیەوە دەکەن.