سیستمی نوێی تۆمارکردن و ناسینەوەی پەنجەمۆر کرایەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و پۆلیس و ڕەگەزنامە و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و هاتوچۆی هەولێر و ئەفسەرانی پۆلیس و بەڵگەکانی تاوان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەڵگە و تاوانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لە سەردانەکەیدا، سیستمی نوێی تۆمارکردن و ناسینەوەی پەنجەمۆر کە بەئەلیکترۆنی کراوە و ئامێری پێشکەوتووی بۆ دابین کراوە، کرایەوە. هەروەها سەردانی هەردوو تاقیگەی بایۆلۆجی و کیمیا کرا، کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرمایەگوزاریی گەورەیان تێدا کراوە و پێشکەوتووترین ئامێریان بۆ دابینکراوە.
وەزیری ناوخۆ گوێی لە پسپۆر و کارمەندانی تاقیگەکان گرت و ستایشی ڕۆڵ و ماندووبوونی کردن و پاڵپشتیی وەزارەتی ناوخۆی بۆ دووپات کردنەوە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان، یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە ناسینەوەی بەڵگەکانی تاوان هەیە و هاوکاریی گەورەی دادگەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان و بە سزاگەیاندنی تاوانکاران و پاراستنی مافی خەڵک.