لە داهاتی وەزارەتی ناوخۆ پهنجا ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە دابین کران
لە چوارچێوەی بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان، لە داهاتی وەزارەتی ناوخۆ، ٥٠ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بچووک دابین کرا.
لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی، بە ئامادەبوونی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و لیوای مافپەروەر یادگار ئەنوەر فەرەج، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ٥٠ ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بچووک LC70 ناسراو بە میکزەمین لەسەر بەشی وەزارەتی ناوخۆ لە داهاتی ناوخۆ بە گوژمەی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان دابین کران.
لە کۆنگرەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دیوان باسی لە بایەخی خۆپارێزی لە ئاگر و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە دابینکردنی بوتڵی ئاگرکوژێنەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێل و ماڵەکانیان، هەروەها پابەندبوونی سەرمایەدار و خاوەنی پرۆژەکان بە ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی، بۆ دروستکردن و ئاواکردنی باڵەخانەکان، بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئاگرکەوتنەوە بکرێت. هەروەها باسی لە بایەخی وەزارەتی ناوخۆ بە دابینکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێری پێویست و کەلوپەلی ڕزگارکردن و ئاگرکوژاندنەوە کرد، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی نەخوازراودا سەروماڵ و گیانی هاووڵاتییان بپارێزن.
لای خۆیەوە لیوا یادگار ئەنوەر سوپاسی وەزیری ناوخۆی کرد، بۆ دابینکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە و باسی لەوە کرد کە لە ئەمڕۆوە ئۆتۆمبێلەکان دەخرێنە خزمەت هاونیشتمانییان.