وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی نوێی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند
ڕۆژى دووشەممە ۹ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲٤، بە سەرپەرشتيی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یان برێم، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، لە لایەن هەریەکە لە سروە ڕەسول، بەڕێوبەری گشتيی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکان و تاهیر بێناتیا، بەڕێوبەری پڕۆگرامی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا لە عێراق واژۆ كرا.
یاداشتنامەکە نەخشەڕێگهی گشتيی هەماهەنگی و پێكهوهكاركردنى ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکان JCC لەگەڵ دامەزراوەی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا دەبێت بۆ قۆناغی ئایيندە.
ئەم یاداشتنامە لێکتێگەیشتنە هەنگاوێکی دیکەی بنیادنان و پەرەپێدانی ژێرخانی دامەزراوەییە لە هەرێمی کوردستان، وە سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات بەرەو قۆناغێکی ديكه دەبات.
لە میانەی گوتەکانیاندا هەریەکە لە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە پرێسکۆنفرانسێکدا تیشکیان خستە سەر گرینگی ئەم یاداشتنامەیە، وەزیری ناوخۆ بۆ میدیاکان خستييە ڕوو، کە دامەزراوەی ئاژانسی شارەزایانی فەرەنسا لە ڕێگهی یەکێتيی ئەورووپاوه، بڕی ١.٥ ملیۆن یۆرۆیان بۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەرخان کردووە، کە تیایدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکان کاردەکرێت لەسەر بەرزکردنەوەی توانای خۆڕاگريی کۆمەڵگه و وەڵامدانەوەی مەترسی و کارەساتەکان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی فەرەنسا و دابینکردنی توانای لۆجێستی و شارەزایيی لەو بوارە، بە تایبەت بۆ تیمەکانی بەرگريی شارستانی.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و سوپاسی حکومەتی فەرەنسای کرد بۆ پشتگیريی بەردەوامیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ههروهها ڕێبهر ئهحمهد ئاماژەی بە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتيى مەسرور بارزانی دا، بۆ بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نێودەوڵەتی، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی هاوبەشی لەگەڵ چەند وڵاتێک بکات و سوود لە شارەزایيی وڵاتە پێشکەوتووەکان وەربگیرێت. ئەمڕۆش ئەو هاوبەشیيە ڕەهەندێکی تری سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی وڵاتی فەرەنسا و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پڕۆژەکە دەکەین و هاوتەریب لەگەڵ لایەنی هاوبەش پرۆژەکە دەبەینە قۆناغ و ئاستی فراوانتر و پێشکەوتووتر.
لای خۆشیەوە کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گرینگی ئەم هەماهەنگیە کرد بۆ پێشخستنی توانای دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان لەکاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان و قەیران و کارەساتەکان، بە تایبەت وڵاتی فەرەنسا کە شارەزایيەکی قووڵی هەیە لە بابەتی ڕزگارکردنی ئاوی و بابەتی ئاگرکوژێنەوە، کە دوو شادەماری گرینگی پرۆسەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانن.
هاوكات کونسولی گشتيی فەرەنسا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو هاوبەشیيەی ئەمڕۆش سەلمێنەری گرنگی هەرێمی کوردستانە بۆ وڵاتى فەرەنسا وە ئەوەش بوارێکی دیکەی هەماهەنگيی هاوبەشە، کە هەردوولا کاری لەسەر دەکەن.