Skip to the content

لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی گرنگی دەرکرد

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ بە فەرمانی وەزاریی ژمارە ٢٥٠٠ و بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، فەرمانێکی وەزاریی گرنگی واژوو کرد.
بە گوێرەی فەرمانەکە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ بە هۆی کەمدەرامەتی یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان کەوتونەتە سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی، لێبوردنیان لەو سزایە بۆ دەرچوو.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە لەمەودوا لە ماوەی یاساییی گرێبەستی ئەلیکترۆنی، خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی توشی سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی نەبن.
هەروەها بڕیاری دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ کە پێشتر بە فەرمانی وەزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ بە پشتبەستن بە بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ دەرچووبوو، لەبەر باری دارایی هاووڵاتیان و تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، ڕاگیرا.
فەرمانەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ سەلامەتیی خۆیان و شوفێر و بەکارهێنانی شەقامەکان، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن.

ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وەزارییەکەیە:

لەبەر بەرژەوەندیی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارمان دا بە:
یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنماییی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە، ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتییان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن.
دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وەزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ.
داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان لە سەرپێچیی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆ نەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە سەرپێچیی دیکە.

ڕێبەر ئەحمەد
وەزیری ناوخۆ