Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی چەواشەکاری و هەوڵى تێکدەرانەی پەکەکەوه‌

میدیای سەر بە پەکەکە لە هەواڵێکی چەواشەکارانەدا، بڵاوى کردۆتەوە، کە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، لە دەڤەری ئامێدی، هێرشیان کراوەتە سەر.
لێرەدا بۆ هاووڵاتيیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانيیان لە سەرانسەری جیهان ڕوون دەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ ڕێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ بە دەیان کیلومەترى دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ ڕێزگرتن لە دامودەزگه‌ فەرمی و دەستورییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە، هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە.

ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت، بەداخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیيانەش دەبین لەپێناو چارەسەری کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگه‌ فەرمییەکانی بکاتە ئامانج.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان