Skip to the content

ليژنەی باڵای پەرەپێدانی هاتوچۆ كۆبووه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك بابەتی گرنگى تاووتوێ كرد

ڕۆژی سێشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتيی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتيی دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ئامادەبوونی دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەری گشتيی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت و بەڕێوەبەری هاتوچۆکانی پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرانی بەشی مۆڵەت و سەرپەرشتیارانی هۆبەکانی مۆڵەتی شوفێری، کۆبوونەوەیەک بۆ تاووتوێکردنی ژمارەیەک بابەتی گرنگ و پەیوەست بە سەلامەتيی هاووڵاتیيان ساز كرا.
بابەتی یەکەمى كۆبوونه‌وه‌ تایبەت بوو بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و سەلامەتيی ڕێگه‌وبان بەسەر هەموو شوفێران و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەوانەی سەرکێشی دەکەن و پابەندی پاراستنی مافەکانی بەکارهێنەرانی شەقام نابن. هەروەها گفتوگۆ لەسەر بابەتی هەبوونی ماتۆرسکیل لەسەر شەقامەکان و بەکارهێنانی بۆ گەیاندنی خواردن کرا. باس لەوە کرا کە ڕێکەوتن کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن، دەست بە تۆمارکردنی ماتۆرسکیلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ بكه‌ن و هێنانی ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو.
بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی پارێزگه‌ و ئیدارە سه‌ربه‌خۆكان ڕاسپێردران دەست بەسەر هەر ماتۆرسکیلێکدا بگرن کە دەستکاريی دەنگی کردووە و خەڵک هەراسان دەکات، هەروەها ئەو ماتۆرسوارانەی لەسەر شەقامەکان نمایش دەکەن و سەرکێشی دەکەن. هەر ماتۆرسکیلێک تۆمارکراو نەبێت و تابلۆی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
داواش لە هاووڵاتیيانی ده‌كرێت کە هەماهەنگ و هاوکاری حکومەت بن لە کۆنترۆڵکردنی دیاردەی ماتۆرسکیلی بێسەرەتا و ئەو مەترسیيانەی دروستی دەکەن. هه‌روه‌ها داوا له‌ دایبابان ده‌كرێت چاودێريی منداڵەکانیان بکەن و ڕێگه‌ نەدەن کەس بە ماتۆری تۆمارنەکراو لەسەر شەقامەکان نمایش بکات و ژیانی خۆی و خەڵکی دیکە بخاتە مەترسی.
له‌ کۆبوونەوەكه‌دا جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی وەزارەتى ناوخۆ و کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن کرايه‌وه‌ کە پێویستە پابەند بن بەو ماوەیەی بۆیان دیاريکراوە لە تۆمارکردنی ماتۆڕەکانیان و هێنانی ماتۆڕی کارەبایی، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر ماتۆڕی تۆمارنەکراو و بێتابلۆ ده‌گيرێت.
هه‌روه‌ها پێویستە ماتۆڕسوارەکانی گه‌ياندنى خواردن پابەند بن بە لێخوڕینی سەلامەت و خێرایيی ڕێگەپێدراو. هەر ماتۆڕسوارێک لە خێرایيی ڕێگاپێدراو ده‌ربچێت و لە کامێراکان تۆمار بکرێت، کۆمپانیای گەیاندنی خواردن ناچار به‌ پێبژاردن ده‌كرێت.
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ باس له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی كرا، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و مردن و بریندار بوون. وەزارەت پابەندی خۆی بە دامەزراندنی کامێراکان لە هەموو کوردستان کردەوە و پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە.
تەوەری دیکە تایبەت بوو بە سیستەمی نوێی ڕاهێنان و پەروەردەکردنی شۆفێر کە چووه‌تە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌، بە مەبەستی ئامادەکردنی شۆفێرێکی سەلامەت، پێویسته‌ هەموو پێشکەشکارێک بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بەشداری لە خولەکانی فێربوونی شۆفێری بکات بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی، بۆ ئەوەی کە دەبێتە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری و دەچێتە سەر شەقام، ببێتە شۆفێرێکی هۆشيار و خاوەن زانیاريی یاسایی.
هه‌روه‌ها بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ ڕاسپێردران کە دەست بە دابەشکردنی فۆرم بكه‌ن بۆ پێشکەشکارانی مۆڵەت و لە هەر شوێنێک پێداویستی بۆ دەستپێکردنی سیستمەکە هەیە، بەپەلە بۆيان دابین بکرێن.