سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەکەی دارستانەکانی هەڵەبجە دەکات و پشتیوانی بۆ پارێزگاکە دەردەبڕێ

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوونی لێکەوتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەڵەبجە کە لە دوای نیوەڕۆی یەکشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٥ دروست بووە و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی خۆبەخش و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و زیانێکی زۆر بە سروشت و ژینگەی دەڤەرەکە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پەیوەندیی کرد بە پارێزگاری هەڵەبجە خاتوو نوخشە ناسیح و بەرێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە عەمید عابدین عەبدولرەحمان محەمەد و سڵاو و خەمباریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێ گەیاندن و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو دوو ئازیزە کرد.
هەروەها ئامادەییی هەموو دامەزراوەکانی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆی پیشان دا بۆ بەدەنگەوەچوونی هەڵەبجە و تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆی راسپارد کە کاری پێویست بکەن بۆ کوژاندنەوە و کەمکردنەوەی زیانەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
دەستخۆشیی لە بەرێوەبەر و ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و تەواوی هێزەکانی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ و خۆبەخشان کرد کە دوو رۆژە هەموو هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داوە.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان
١٨ی ئابی ٢٠٢٥