وەزارەتی ناوخۆ: لیژنەی باڵای ئیغاسە و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دیموگرافیای ناوچەکانی مەسیحی و ئێزدی دەگۆڕن

لە پێشهاتێکی نادەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لیژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتیی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستیان داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین.
بەهۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزدی، بە پاڵپشتیی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاریی ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکوو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لەبری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینەخۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لیژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکوو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.
ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافیی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتیی سەخت و ناواقیعی.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە:
یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.
دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.
سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان و بە ویست و ئازادیی خۆیان و دڵنیابوون لە ئێستا و ئایندەیان لەڕووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێدراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتیی بنەڕەتیی چارەسەرکردنی کێشەکان.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢١ی ئابی ٢٠٢٥