سیستهمی نوێی ساڵیانە لە پارێزگهى دهۆک کەوتە کار
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان، دوای ئەوەی لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢، بەشی یەکەمی پرۆژەی ساڵیانە و مۆڵەتی شوفێريی دیجیتاڵی، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ههرێمى کوردستان لە هەولێر کرایەوە و مۆڵەتی شوفێری بە سیستمی نوێ دەستی پێکرد، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە بەڕێوەبەرایەتيی هاتوچۆی پارێزگهی دهۆک، بە ئامادەبوونی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتيی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەری گشتيی هاتوچۆ بە وەکالەت، عەمید ئیبراهیم عەگید صديق، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دهۆک، ساڵیانەی ئۆتۆمبێل بە سیستمی نوێ دەست بەکار بوو.
ئەم پرۆژەیە بە ستانداردی جیهانی، لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیايهكى ئەڵمانیيهوه جێبەجی دەکرێت. پڕۆژەکە بۆ ئاسانکردنی کاروباری هاووڵاتیيان و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانە و ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکى حكومهتهوه پاڵپشتی و چاودێريی جێبەجێکردنی کراوە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. عەلی تەتەر و د. هێمن میرانی باسیان لە بایەخی ئەم پرۆژە نوێیە کرد، کە لێره بهدواوه ساڵیانەی نوێی ئۆتۆمبێل، کە خاوەندارێتيی ئۆتۆمبێلە و گواستنەوەی خاوەندارێتی و هەموو کەیسەکانی، دیکە بە سیستمی نوێ جێبەجێ دەکرێن و ساڵيانه نوێيهكه هاوشێوەی مۆڵەتی نوێی شوفێری دەردەهێندرێت و بە تەکنهلۆژیای پێشکەوتووی سەردەم بەرهەم دەهێندرێت و بایۆمەتريی خاوەنەکەی دەخرێتە ناوی، بۆ ئەوەی لە هەموو جۆرە ساختەکارییەک بپارێزرێت.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا باس لەوەش کرا کە ئەو سیستمە نوێیە پۆرتاڵێکی نوێی بۆ دروست کراوە بە ناونیشانى (https://dlvr.digital.gov.krd) و هاووڵاتیيان دەتوانن هەژمار بۆ خۆیان دروست بکەن. ههروهها بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی، بەشێکی مامەڵەکان لە ماڵەوە ئەنجام بدەن و فۆرمەکانیان پڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە کاتێکی کەمتر و خێراتر مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ بەڕێوە بچێت. هەروەها ئەم پۆرتالە دەتوانرێت بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شوفێریش بەکار بهێندرێت.
جێگای هەڵوەستەیە ساڵیانەی نوێ لە دهۆک دەستی پێکرد و لە ئايیندەیەکی نزیکدا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی هاتوچۆ لە پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکانیش دەست پێ دەکات.
شوفێرانی بەڕێز و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی ئەو پۆرتاڵەی سەرەوە بکەن و هەژماری تایبەت بە خۆیان دروست بکەن، بۆ ئەوەی لەمهودوا مامەڵەکانی تایبەت بە مۆڵەتی شوفێری و گواستنەوەی خاوەندارێتيی ئۆتۆمبێلەکانیان لەڕێی پۆرتاڵەكهوه ئهنجام بدهن.