ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس بۆ قۆناغی نوێی حوکمڕانی ئامادە دەکرێن

ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی تەمووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆ، ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا (Euam)، پرۆژەی پێگەیاندنی 500 ئەفسەری پۆلیس، دەربارەی ستراتیژی مۆدێرنی پۆلیس "Blue Concept" دەستی پێکرد.
بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لیوای مافپەروەر، تاریق ئەحمەد ئیبراهیم، عەمیدی مافپەروەر، د. ئومێد زرار فەتحوڵڵا، ڕاگری کۆلێژی پۆلیس و ڕۆندک فارس، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، پرۆژەی پێگەیاندنی ئەفسەرانی پۆلیس، لە سیاسەتی مۆدێرنی پۆلیس ناسراو، بە "سیاسەتی شین" دەستی پێکرد.
ستراتیژی و سیاسەتی شین، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە گۆڕینی ئەرک و بەرپرسیارێتیی پۆلیس لە "کاردانەوە - هێز" بۆ "متمانە و خزمەتکردنی بەردەوام"، ستراتیژی بەهێزکردنی متمانەی نێوان خەڵک و پۆلیس و ئامادەکردنی ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسە، بۆ قۆناغی نوێی حوکمڕانی لە کوردستان، کە هاووڵاتی تیایدا سەنتەری بزاڤ و چالاکییەکانی حکومەتە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشڕەوایەتیی ئەم دیدە نوێیە دەکات.
ئەم پرۆژەیە بەچەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا، پەرەپێدان و ئامادەکردنی 35 ڕاهێنەرە لە کۆلێژەکانی پۆلیسی هەولێر و سلێمانی؛ دواتر گەیاندنی ئەو ستراتیژییەیە بۆ 500 ئەفسەر و لێکۆڵەرانی بنکەکانی پۆلیس لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
ئامانج لە ستراتیژی شین، بونیاتنان و بەهێزکردنی متمانەی گشتی، ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئاڵۆزی و ململانێکانە؛ هاوکات بەهێزکردنی شەرعییەتی دامەزراوەییە لە هەرێمی کوردستان.