Skip to the content

توانای ئەفسەران و فەرمانبەران لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەراسانی سێکسیی منداڵان بەرز دەکرێتەوە

وەزارەتی ناوخۆ، ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەرێوەبردن، بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی سیدفاوندەیشن، خولێکی راهێنانی شەش مانگیی راگه‌یاند.
رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی 20ی ته‌موزی 2025 به‌ ئاماده‌بوونی فێنك شەفیق حەمەدەمین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، خولی (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خراپ مامه‌ڵه‌كردن و توندوتیژیی سێكسی دژی مناڵان به‌ ئۆنلاین) بۆ جێبەجێکارانی یاسا لەسەر لێکۆڵینەوە و کارکردن لەگەڵ قوربانییانی توندوتیژی و هەراسانی سێکسی دەستی پێکرد.
خولەکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئه‌نجام ده‌درێت، كە ئەفسەر، كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان، تێیدا بەشدارن.
مەبەست لەم هەنگاوەش بەهێزکردنی توانا و لێهاتووییەکانیانە لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکانی پەیوەندار بە خراپ مامەڵەکردن و توندوتیژیی سێکسی دژی منداڵان لە ڕێگەی ئۆنڵاین و تەکنۆلۆژیاوە.
ئەمەش بۆ تێگەیشتن و جێبەجێکردنی چوارچێوە یاساییە پەیوەندیدارەکانە بۆ چۆنیەتیی یارمەتیدانی قوربانییانی ئەو تاوانە، بە شێوازێک کە قوربانی چەقی سەرنج بێت و رەچاوی لایەنی دەروونیی بکرێت.