Skip to the content

وەزارەتی ناوخۆ ڕێوشوێنی تایبەت بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیيانی سورياييى دانیشتووی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت

لەسەر فەرمانی تایبەتی مه‌سرور بارزانى، سەرۆکى حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەپێناو چارەسەرکردنی ڕەوشی هاووڵاتیيانی سوريايى، ئەوانەی نشینگەی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان بەسەرچووە، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کرد کاری پێویست ئەنجام بدەن بە گرتنەبەری ئەم ڕێکارانەی خوارەوە:
یەکەم: پێدانی ماوەی ٦٠ ڕۆژی کارکردن لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم فه‌رمانه‌، بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتييانى سووريايى کە نشینگەکانیان بەسەرچووە یان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و نشینگەیان دەرنەهێناوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی نشينگه‌، بۆ ماوەی یەک ساڵ بەگوێرەی فۆرمی (٢٠) و لە سزای دواکەوتن دەبەخشرێن.
دووەم: ئەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژە بە کەیسەکانیان کراوە و نایانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەکەن، لە سزاکانی دواکەوتنی نوێکردنەوە یان دەرنەهێنانی نشینگە دەبەخشرێن. پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون بۆ یەک جار و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان بەشێوەی فەرمی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتيی هەولێر.
سێیەم: ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و لەبەر باری دارایی ناتوانن بە فڕۆکە گەشتی گەڕانەوە بکەن، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ وەرگرتنی مۆری دەرچوون و سوودمەندبن لە بەخشین لە سزاکان و خۆتۆمارکردن بۆ گەشتی گەڕانەوە لە ڕێگه‌ی دەروازەی نێودەوڵەتيی پیشابووره‌وه‌، کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان ڕێک دەخرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ پێکهێنانی تیمی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
شايانى باسه‌ ئەم فەرمانە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ه‌وه‌ دەچێتە بواری جێبەجێکردن.