ئاگهدارییەک بۆ هاووڵاتیيانی ههرێمى کوردستان کە لە فرۆکەخانەکانی ناوچەکەن

ژوورێکی هەماهەنگی لە دامەزراوەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێکهاتووە بۆ ئاسانکاريی ڕێکارەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتیيانمان بۆ کوردستان، کە لە فرۆکەخانەکانی وڵاتانى دەوروبەر، بەهۆی دۆخی هەنووکەییەوە ئاسمانی عێراق داخراوە، توشی مانەوە هاتوون. لەمبارەیەوە ژووری هەماهەنگی ئەم خاڵانەی خوارەوە وەکوو ئاگهداری بە هاونیشتمانیيان دەدات:
یەکەم: لە هەر فرۆکەخانەیەکی وڵاتانی ناوچەکە وەستاون و داوای هاوکاری دەکەن دەتوانن پەیوەندی بە یەکێک لەم دوو ژمارە تەلەفونە (لە ڕێی وەتسئەپ) بکەن، کە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگيی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی کردوون و زانیارییەکانتان ڕەوانە بکەن:
9647508035680+
9647508035681+
دووەم: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومهتى ههرێمى کوردستان، بە هاوکاريی دامەزراوەکانی حکومەتی تورکیا ڕەزامەندی وەرگرتووە کە هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستان بە پاسپۆرتی عێراقی لە هەر فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکە بن بتوانن بێ فیزەی پێشوەختە، بە هێڵی ئاسمانيی (تورکش ئێرلاینس) یان هەر هێلێکی دیکەی تورکی بگەڕێنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتيی ئیستەمبوڵ یان سەبیحە و لەگەڵ گەیشتن فیزەی ترانزێتی پێنج ڕۆژه وەردەگرن. لەوێشەوە دەتوانن بە زەمینی یان بە هێلی ناوخۆیيی تورکیا گەشت بکەن بۆ یەکێک لە فرۆکەخانەکانی نزیک لە سنووری هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بە دەروازەی نێودەوڵەتيی ئیبراهیم خەلیل بگەڕێنەوە کوردستان.
سێیەم: ئەو هاووڵاتیيانەی لە وڵاتانی ئەورووپا لە فرۆکەخانەکان ماونەتەوە و بە پاسپۆرتی عێراقی (فیزەی شینگن)یان هەیە، دەتوانن بە ئۆنلاین فیزەی تورکيا وەربگرن، یان بێ فیزە بگەڕێنەوە و لە فرۆکەخانەکانی تورکیا وەکوو لە خاڵی دووەم هاتووە فیزە وەربگرن.
چوارەم: لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتيی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران تیمەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکاريی پێویستیان کردووە بۆ بە خێرایی راپەڕاندنی ئەرکی هاونیشتمانیيانمان کە لە ئێران یان لە تورکیا بە ڕێگهی زەمینی دەگەڕێنەوە وڵات.