خولی "خانمان لە سەرکردایەتیدا" بۆ ١٠٠ ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێکرد

لە چوارچێوەی پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی ناوخۆ/ ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن (LMA) لەگەڵ سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی (ETTC)، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، جیهاد زیرو، بەڕێوەبەری گشتیی (ETTC) و خاتوو ڕۆندک فارس بەڕێوەبەری (LMA)، خولی پێگەیاندنی ١٠٠ ئافرەت کە ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرانی دامەزراوە جیاوازەکانی وەزارەتی ناوخۆن، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
پرۆژەکە لە هەر چوار پارێزگە و هەر چوار ئیدارە سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای خانمانی وەزارەتی ناوخۆیە، کە لە دامەزراوەکاندا خزمەتی هاووڵاتییان دەکەن و ڕۆڵی سەرکردە لە ڕاپەڕاندنی کارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان دەگێڕن.
ئەم پرۆژانەی وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بایەخدان بە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە خزمەتی گشتی و بەرزکردنەوەی تواناکانیان بە زانست و میتۆدی سەردەمی سەرکردایەتیکردن، تا بتوانن لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ڕۆڵ و کاریگەریی خۆیان پێشان بدەن و بەشدارێکی کاراتر بن لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی
خزمەتگوزاریی گشتی بۆ هاووڵاتییان.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.