وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی ئاداری ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لوتکەی ئاسایشی سنوور لە بەریتانیا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بغونو ڕیتالیو، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکە ڕێبەر ئەحمەد سوپاسگوازاریی حکومەت و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی پێشکەشی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا کرد بۆ پەیوەندی مێژوویی و پاڵپشتیی بەردەوامی دەوڵەتی فەرەنسا لە دۆزی ڕەوای کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا. هەروەها باسی لە پاڵپشتیی گرنگی فەرەنسا کرد بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و پاڵپشتیی حکومەت و خەڵکی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕۆڵی گرنگی کوردستان لە شەڕی داعش و تیرۆریستان و تۆڕەکانی تاوان بەرز نرخاند.