Skip to the content

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى ديوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ: سيسته‌مى نوێى ڕاهێنانى شۆفێرى وه‌رچه‌رخانێكه‌ له‌ بوارى هاتوچۆ

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتيی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دیوان و بە بەشداريی بەڕێوەبەری گشتيی ناوەندی تۆتاڵ و نوێنەری فەرمانگەی میدیا و زانیارى، لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری باڵای بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرانی ڕاگەیاندن و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتيی هاتوچۆی پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبووه‌وه.
کۆبوونەوەكه‌ بە خستنەڕووی بایەخی سیستمی نوێى ڕاهێنانى شۆفێرى دەستی پێکرد، کە ئامانجی سەرەکی پەروەردەکردنی تازەپێگەیشتووانه‌، ئەوانەی ئامادەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شوفێری، بە زانستی هاتوچۆى سه‌رده‌م، یاسا و ڕێساکانی سەلامەتيی ڕێگه‌وبان، ئاشناکردنیان بە ئۆتۆمبێڵ و پارچە و بەشەکانی، بنەما نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی و بەکارهێنانی ڕێگه‌وبان، فریاگوزاريی سەرەتایی و چەندین بابەتی دیکەی پێویست بۆ هەموو شوفێرێک کە لە (ڕێبەری هاتوچۆ) جێگه‌یان کراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتيی دیوان داوای لە ئامادەبووان کرد کە لە ڕێی میدیاکانی بەڕێوەبەرایەتییه‌كان و پلاتفۆرمەکانی سۆشیالمیدیا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بایەخی ئەو سیستم و ڕێبه‌ره‌، بەر لەوەی بچینە سەرشەقام، ڕوون بکرێتەوە.
ئەرکی ئایینی، مرۆیی و ئەخلاقيی هەموو دایک و باوکێکە، بۆ ئەوەی جگەرخۆشەکانیان سەلامەت بن و ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بەفیڕۆ نەچێت، ڕێگه‌ نەدەن بێ مۆڵەتی شوفێری، بێ ڕاهێنان و بوون بە شوفێرێكی سەلامەت و ئاگه‌دار و وریا، بچنە سەر شەقامەکان و ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل بەکار بهێنن. لەمبارەیەوە میرانی هانی ئەفسەرانی دا کە بە ڕوونی بایەخی ئەو سیستمە و پرۆگرامەکانی پەروەردەکردنی شوفێر بۆ هاووڵاتیيان ڕوون بکەنەوە، کە بێگومان وەرچەرخانێكه‌ لە بواری هاتوچۆ و ئاکامەکانی لە چەند ساڵی داهاتوو لەسەر شوفێرە گەنجەکان دیار دەکەوێت، کە بەو سیستم و پرۆگرامە نوێیە دەبنە خاوەنى مۆڵەتی شوفێری.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بەڕێوەبەری گشتيی دیوان داواى له‌ ئەفسەرانی هاتوچۆ کرد کە لە ئاستی بەرپرسیارێتيی نیشتمانیدا بن و خزمەتکاری خەڵک بن، وەکوو ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران هانی کارمەندانی حکومەتەکەی دەدات کە بە کردەوە خزمەتکاری خەڵک بن و خۆیان لە هاووڵاتیيان بە گەورەتر نەزانن. هه‌روه‌ها گوتى: ئەفسەران پارێزەری گیانی خەڵکن لەسەر شەقامەکان و ڕۆژانە بە پەیڕەوکردنی یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆ ژیانمان ئاسان و پارێزراو دەکەن، بۆیە گرنگە بە چاوی برایەتی و خۆشەویستییەوە لە شوفێر و هاووڵاتيی دیکە بڕوانن، ئامانجی ئه‌وان سزادان نیە بە قەد ئەوەی ڕاستکردنەوەی هەڵە و ڕێگریکردنە لە سەرکێشی و سەرپێچی.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسى لە سەرکەوتنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بە هەرسێ جۆری جێگیر، گەڕۆک و خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت بۆ پۆینت) کرد، کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا بەشدارییەکی گەورەی لە پاراستنی گیانی خەڵک کردووە لەڕێی کەمکردنەوەی لایەنی کەمی ٥٠٪ی ڕووداوەکانى هاتوچۆ، کە ئەمەش بووه‌تە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە ٥٠٪ی مردن و برینداری سەخت. بەو هۆیەشەوە لە پاڵ پاراستنی گیان، سەر و سامانی خەڵکیش کە ئۆتۆمبێلەکانیانە پارێزراوە. ئێستا پێشبڕکێ و لێخوڕینی نابەرپرسیاری تا ئەندازەیەکی گەورە کەمبووه‌ته‌وه‌.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان