لیژنەی باڵای نووسینەوەی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی توندوتیژ کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆک و زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی باڵای نووسینەوەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەویی توندوتیژ، کە دەبێتە هۆی تیرۆر، کۆبوونەوەیەکی گرنگی ئەنجام دا.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ستایشی ڕۆڵی لیژنەکەی کرد، لە هەنگاوەکانیان بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ستراتیژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و هانیدان کە پێویستە ستراتیژ ڕەنگدانەوەی واقیعی جوانیی فرەنەتەوەیی و فرەئایینی و مەزهەبیی کوردستان بێت و کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتنی یەکتری هەڵکردنی پێکەوەیی وەکوو بەشێکی پرشنگدار لە کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان بە بایەخەوە باس بکرێت. باس لەوە کرا کە بابەتی توندوتیژیی پەڕگیر و توندڕەوی بە هەموو فۆرم و لە پەنای هەموو هۆکارێک ڕەتکراوەیە و کۆمەڵگەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانی، پێکەوەژیان و لێبوردەییان هەڵبژاردووە. ستایشی ڕۆڵی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرا، کە لە بواری پەروەردەی ئایینی و هۆشیاریی پێکەوەژیان و لێبوردەیی سەرمەشقن و کار دەکەن بۆ نەهێشتنی زەمینە بۆ گوتاری ڕق و توندوتیژی و پەروەردەی جیاکاری و دژە فرەیی.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، کۆمەڵێک بیرۆکە و پرۆژەی گرنگ بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم کولتوورە و پیشاندانی لە میدیای ناوخۆیی و جیهانی تاوتوێ کران و بڕیاری پێویستیان پێ وەرگیرا.