Skip to the content

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى ديوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ: ئەنجامی پرۆژەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە بواری هاتوچۆدا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەر و سامانیان دڵخۆشکەرن

ڕۆژی دووشەممە ١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەمیانەی وتارێكیدا لە مەراسیمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی قوربانیيانی ڕووداوەکانی هاتووچۆدا، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیيان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، هەروەها خۆشحاڵيی خۆی دەربڕی بەهۆی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێژەی قوربانیيان و ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

میرانی جەختی لەوە کردەوە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆکایەتيی مەسرور بارزانی، هاووڵاتییانی کردووه‌تە چەقی پرۆژە و بەرنامەکانیان و هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە بواری هاتوچۆ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەروسامانیان بووە، کە ئەنجامەکانیشی دڵخۆشکەرن؛ داوای لە هاووڵاتییانیش کرد هاوکاری حکومەت بن بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان.

ئاماژەی بەوەش دا، لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە کوردستان یەکێک بووە لە هەڕەشە جددییەکان، بەڵام جێگه‌ی شانازییە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان – کابینەی نۆیەم – لە ساڵی ٢٠٢٤ ئامانجی ڕێکخراوی تەندروستيی جیهانی پێکاوە بۆ کەمکردنەوەی قوربانیيانی هاتوچۆ و داتاکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە بەراورد بە ٢٠١٨ و پێشتر، کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە ٥٠% و مردنیش بە زیاتر لە ٦٠% نیشان دەدەن.

پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم بۆ ئەم مەبەستە بریتی بوون لە: دروستکردنی ڕێگه‌ی مۆدێرن، دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی، دانانی گاردرێل، پردەکانی پەڕینەوەی پیادە و چاکسازی لە سیستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری بۆ پەروەردەکردنی شوفێرانی نوێ بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ئاماژەی بەوەش دا چیتر مۆڵەتی تایبەت و گشتی نەماون، بەڵکو شوفێران بۆ ١٣ پۆلی جیاواز ئامادە دەکرێن، کە دەبێتە هۆی پێگەیاندنی هەزاران گەنجی بەئاگا و پڕ زانیاریتر.

سەبارەت بە ماتۆڕسوارەکان، د. میرانی ڕوونی کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیلیڤەری ڕێککەوتووە کە پێویستە هەموو ماتۆڕەکان تۆمارکراو بن، تابلۆیان هەبێت، دەنگیان ئاسایی بێت و ماتۆڕسوارەکانیش مۆڵەتیان هەبێت. ئەم پرۆژەیەش سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و زۆرینەی ماتۆڕەکان تۆمارکراون. داوای لە دایک و باوکان کرد ماتۆڕ بۆ منداڵە هەرزەکارەکانیان نەکڕن ئەگەر بۆ پەیداکردنی بژێوی نییە و تۆمارنەکراوە، چونکە بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

لە کۆتاییدا، د. هێمن میرانی داوای لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی، نووسەران و کەسایەتییەکان کرد، کە ڕۆڵی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاربی هاتوچۆ و پشتگیریکردنی پرۆژەکانی حکومەتدا بگێڕن. جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیانی خەڵک پێویستی بە هاوپەیمانی و هاوبەشيی هەموو کۆمەڵگە هەیە و سوپاسی ڕێکخەرانی مەراسیمەکەى كرد و ڕۆڵی ئەفسەر و کارمەندانی هاتوچۆی بەرزنرخاند، كە ئەرک دەگێڕن بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان و ڕێکخستنی شەقامەکان، تا هاووڵاتیيان بە سەلامەتی شوفێری بکەن.