پەیامی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بە بۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، کە توانیان ئازادانە مومارەسەی مافی سیاسیی خۆیان لە دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بکەن و ئەزموونێکی دیکەی هەڵبژاردن، وەکوو یەکێک لە پایەکانی دیموکراسی، سەربخەن.
دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی بەرگریی شارستانی، پێشمەرگە و ئاسایش دەکەین کە ماندوونەناسانە پارێزگارییان لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان، پرۆسەی هەڵبژاردن بە دەنگدەر و کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرەکان کرد و لە سایەی شەونخونیی ئەوان و بەهێزیی ئیرادەی خەڵک، توانرا ئەو ئەزموونەش بە سەرکەوتوویی تەواو بکرێت.
سوپاس بۆ کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەکی و نوێنەرانی کیانە سیاسییەکان کە پێکەوە زەمینەی بە ئازادی بەڕێوەچوونی ئەو خولەی هەڵبژاردنیان ئامادەکرد و بەڕێوە برد.
داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، ڕێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشییان بە سەرکەوتنی حزب و کاندیدەکانیان بگرنە بەر و دوور بکەونەوە لە هەر ڕێگەیەکی مەترسیدار و ناشارستانیی وەکوو تەقەکردن و سەرکێشیی هاتوچۆ، کە زەمینەی زیانی گیانی و ماددی لێ دەکەوێتەوە و ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان
بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥