ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکانی سەر ڕێگەی گوێڕ - هەولێر
ماوەیەکە لەلایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بە بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە. دوای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی غاز بۆ دابینکردنی کارەبا بەکارهێنا، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ ڕێگەی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتییانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بەسەر خەڵک و ڕێبوارانی ئەو ڕێگەیەدا کرد.
لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاووڵاتییەک بووە قوربانی و گیانی لەدەست دا و ژمارەیەک کەسی تریش بریندار بوون.
چیتر ڕێگە نادەین سوود لە نیازپاکیی دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان وەربگێرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت. بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بەپێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەرووی یاسا نییە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥